یۆرگن کلینزمان ڕاهێنەرى پێشووى هەڵبژاردەى مانشافتى ئەڵمانیا و ڕاهێنەرى وەرزى داهاتووى یانەى بایەر میونخى باڤارى لەسەرزارى بەڕێوەبەرى هونەرى یانەکە ئۆلى هۆنێسەوە بڵاویکردەوە کە ئەو بە هیچ جۆرێک دەستبەردارى هێرشبەرى لاوى ئەڵمانى یانەکە لۆکاس بۆدۆلیسکى نابێت کە لەم دواییانەدا ڕاهێنەرى ئێستاى یانەکە ژەنەراڵ ئۆتمار هێسفێڵد بڕیارى دەستبەردار بوونى دابوو لێى لەبەرامبەر ئەوەى کە یانەکە دوو هێرشبەرى ناودارى جیهانى هەیە کە ئەوانیش هەریەک لە میرۆسلاڤ کلۆزاى ئەڵمانى و لۆکاتۆنى ئیتاڵین.
هۆنێس ڕایگەیاند؛ "کلینزمان پێى ڕاگەیاندین کە نابێت دەستبەردارى هێرشبەرى لاو لۆکاس بۆدۆلیسکى ببین دەنا پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانى مافى ڤیتۆ وەک ڕاهێنەرى خاوەن بۆند لەگەڵ یانەکە".
بۆدۆلیسکى تەمەن 22 ساڵ کاتێک یاریزانێکى لاو بوو لەگەڵ یانەى کۆڵۆنى ئەڵمانى لە ڕیزى یانە پلە دووەکاندا لەلایەن یۆرگن کلینزمانەوە بانگهێشتى نێو پێکهاتەى ئەو کاتى مانشافتى ئەڵمانى بەشدار لە مۆندیالى 2006 کرا لە خاکى خۆیاندا و پاش ئەویش بە هەمان شێوە واکیم لۆوف پشتى بەو لاوە بەستەوە لەنێو پێکهاتەى مانشافتدا و تاکو ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەى وڵاتەکەى 45 یارى کردووە و 24 گۆڵى تۆمارکردووە.
جێى ئاماژەیە بۆندى ئەم یاریزانە لە مانگى کانونى دووەمى ساڵى 2010 لەگەڵ یانەى باڤارى میونخ کۆتایى دێت هەر بۆیە یانەکانى ڤێردەر برێمن و شتوتگارتى ئەڵمانى و مانچیستەر سیتى ئینگلیزى و یۆڤانتس تۆرینۆى ئیتاڵى دەخوازن بتوانن بیگوازنەوە ڕیزەکانى خۆیان، بەڵام کلینزمان نایەوێت ئەو یاریزانە لە بایەر بچێتە دەرەوە.